
سەرچاوەكانی هەواڵی كەنەدا بڵاویانكردووەتەوە، نەخۆشییەكی سەیر كە پەیوەندی بە مێشكەوە هەیە لە كەرتێكی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە و تاوەكو ئێستا 6 كەس گیانیان لەدەستداوە و 48ی تر توشبوون.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان، چەندین كەس لە كەرتی “نیو برۆنزویك” توشبوونیان بە نەخۆشییەكی سەیر راگەیاندووە كە پەیوەندی بە مێشكەوە هەیە و تائێستا دیار نییە نەخۆشییەكە چییە، بەهۆیەوە 6 كەس گیانیان لەدەستداوە و تاوەكو ئێستا 48 كەسی تر تووش بوون.
ئەوەش هاتووە، ئەوانەی تووشی نەخۆشیەكە دەبن، بە ئاسانی تووشی لە بیرچوونەوە و شڵەژان دەبن، حكومەتی ناوخۆیی كەرتەكە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئاشكرا كردنی ئەو نەخۆشیە كە تاوەكو ئێستا سەرچاوەكەی نادیارە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 80 ساڵیدایە.
بەپێی زانیاریەكان، ژمارەیەكی زۆر خەڵك ئەوەیان راگەیاندووە كە هەست بە نەخۆشییەكی نائاسایی دەكەن و نیشانەكانی ئاسایی نین، وەك دودڵی و سەرگێژ خواردن و دروستبوونی وەهم و ئازار و لەبیرچوونەوە و بە شێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغیش جوڵە لەدەست دەدەن، یەكێك لە توشبووان كە كچێكە ئاماژەی بەوەداوە، “كاتێك سەیری بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی دەكات پێویستە چەندین جار سەیری بكاتەوە، چونكە ناتوانێت زانیاری نوێ هەڵبگرێت، هەروەها كۆنترۆڵی بەسەر ماسولەكانیدا لەدەستداوە”.
لای خۆیەوە دكتۆر ماریرۆ ئاماژەی بەوەداوە، نەخۆشییەكە لەناو چەندین خێزاندا بڵاوبووەتەوە بەڵام بۆماوەیی نییە، چونكە چەندین كەس كە بە یەكەوە دەژین لە رووی بایەلۆجییەوە پەیوەندییان بەیەكەوە نییە و تووشیش بوون، لای خۆشیەوە رێكخراوی Blood Watch نامەیەكی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كردووە و تێیدا داواكراوە، لێكۆڵینەوەیەكی زانستی چڕ بكرێت، چونكە خەڵكی “نیو برۆنزویك” شایستەی وەڵامن.
