
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا عەنکاوە بکرێتە قەزا، بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بڕیار بەقەزابوونی ناحیەی عەنکاوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕامی نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوە: “شارۆچکەی عەنکاوە لە ساڵی 1956 بڕیاری ناحیەبوونی دەرچووە و بەھۆی نیشتەبوونی کریستیانەکانەوە عەنکاوە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و شوێنی پێکەوەژیانە، لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا زۆر بڕیار لەبارەی عەنکاوە دراوە، بەڵام باشترین بڕیار بەقەزابوونی ناحیەی عەنکاوەیە، کە پێش چەند ڕۆژێک مەسروور بارزانی بڕیاری دا عەنکاوە بکرێتە قەزا.”
ڕامی نووری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا نووسراوێک بکەین بۆ ئەوەی بڕیاری بەقەزابوونی عەنکاوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بێگومان بەقەزابوونی عەنکاوە کاریگەریی لەسەر عەنکاوە و خەڵکەکەی دەبێت، بەتایبەتی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و دابینکردنی بودجەی پەرەپێدان بۆ عەنکاوە.”

