راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، رایگەیاند کە ئەنجامەکانی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بەدەست و ئەلیکترۆنی ھاوچەشن بوون.
عەبد حسێن ھینداوی، راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، کە پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەسەرجەم وێستگەکاندا، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە تەواوکراوە.
وتیشی: “ئەنجامەکانی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بەدەست و ئەلیکترۆنی ھاوچەشن بوون”.
پێشتر عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، رایگەیاندبوو کە تا ئێستا 95 لەسەدای ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە سێ ھەزار و 681 وێستگە تەواوکراون.