
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئاشكرای كرد، لە پارێزگاكە قەیرانی غاز بوونی نییە و هیچ گرانبوونێكیش لە نرخەكەیدا نییە، چەند رۆژی داهاتووش دەست دەكرێت بە دابەش كردنی نەوتی سپی.
هەڤاڵ ئەبوبەكر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە سلێمانی قەیرانی غاز بوونی نییە و نرخەكەشی گران نەبووە، كەمبوونەوەشی كاتییە و كێڵگەی كۆرمۆر چاكسازی تێدا دەكرێت و لە ماوەیەكی كەمدا بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە.
سەبارەت بە نەوتی سپی و بەرزبوونەوەی نرخەكەی ئاماژەی بەوەدا، بڕیارە بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەلایەن عێراقەوە بڕی پێویست نەوتی سپی رەوانە بكرێت بۆ دابەشكردنی بەر لە وەرزی زستان، تاوەكو ئێستا بەغداد لەو بڕە نەوتەی بەڵێنیداوە تەنها یەك ملیۆن و 500 هەزار لیتری ناردووە ئەمەش كەمترە لە بڕی پێویست، لەگەڵ ئەوەشدا لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەین.
پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین وتی، هۆكارەكەی حكومەتی فیدراڵە كە بڕیارە رۆژانە بڕێك بەنزین بنێرێت، بەڵام ئێستا كێشە لەو رێككەوتنە دروستبووە، نابێت كێشەی بەنزین لە مەودا كورتدا چارەسەر بكرێت و لە مەودوا درێژدا كێشەی گەورەمان بۆ دروست بكات و بازرگانەكان نەتوانن بەنزین بهێنن.

