
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تۆڕێكی كۆمەڵایەتی نوێی دامەزراند و دەڵێت، بۆ وەستانە بەڕووی سەركوتكاری كۆمپانیا تەكنەلۆژیە گەورەكان.
دۆناڵد ترەمپ لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، تۆڕێكی كۆمەڵایەتی بەناوی Truth Socialەوە دامەزراندووە و ئامانجی تۆڕە نوێكە وەستانە بە رووی كۆمپانیا گەورەكانی بواری تەكنەلۆژیا.
ئەوەش هاتووە، تۆڕەكە لە مانگی 11ی ئەمساڵ دەكەوێتە كار و تەنها بۆ ئەو كەسانە بەردەست دەبێت كە بانگهێشت دەكرێن و پێشبینی دەكرێت لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022دا بۆ هەمووان بەردەست بێت.
ترەمپ جەختی لەوەش كردووەتەوە، كۆمپانیای Truth Socialی دروست كردووە بۆ وەستان بەڕووی سەركوتكاری كۆمپانیا تەكنەلۆژیە گەورەكان، چونكە لە جیهانێكدا دەژین كە بزوتنەوەی تاڵیبان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بە شێوەیەكی گەورە چالاكی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا باشترین سەرۆكتان (مەبەست لە خۆی) بێدەنگ كراوە، ئەوەش جێگای قبوڵ كردن نییە.

