
مەلا بەختیار، پێی وایە، عیراقی دوای هەڵبژاردن، نە هاوكێشە سیاسیەكانی گۆڕی و نە پێوەندی كوردستان و عیراقشی خستە قۆناغێكی ترەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزە كوردستانییەكان لەئێستاوە تا هەڵبژاردنی كوردستان، دەكەونە ژێر چاودێری.
لە نوسینێكدا مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە، هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شكستیان هێناوە. تێكەڵەی حكومەتی شەرعی و ناشەرعی، عیراقی عەرەبی و ناوچە كێشە لەسەرەكان بەڕێوەدەبەن . لەبەردەم دۆخێكی وا ئاڵۆزدا هێزە كوردستانیەكان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی كەم بەرنامەی هاوبەشیان نیە.
هێمای بۆ ئەوەشكرد، دۆخی دانووستان لە عیراقدا بۆ مافە پێشێلكراوەكانی ئابووری و سیاسی و دەستوری گونجاوترە. ئەگەر هێزە كوردستانیەكان لەڕوانگەی بابەتیەوە سەیری دۆخی كوردستان و عیراق نەكەن، پێداگری لەسەر مافە تەسكەكانی حزبایەتی بكەن. نەك هەڵەیەكی تەكتیكی بەڵكوو هەڵەیەكی ستراتیژی دەكەن.
مەلا بەختیار باسیلەوەشكرد، هێزە كوردستانیەكان لەئێستاوە تا هەڵبژاردنی كوردستان، دەكەونە ژێر چاودێری هەمەلایەنەی ڕای گشتی . ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا لە عیراقی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەفدی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەش دەسكەوتی هاوبەش بۆ كوردستان بەدیبێنن، بێگومان متمانەی رای گشتی كوردستان زیاتر بەدەستدێنن.
