وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی زانكۆلاینی راگەیاند و 52 هەزار و 532 خوێندكار داواكاریان پێشكەش كردووە و 43 هەزار و 277 خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیراون.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە، 63 هەزار و 324 دەرچوو هەبووە و 45 هەزار و 218 كورسی فەراهەم كراوە،26 هەزار و 33 بە پلانی زانكۆ لاین و 10هەزار و 834 پلانی پارالێڵ و هەشت هەزار و 351 پلانی ئێواران.
جەختی لەوەش كردەوە، لە دەرچوانی ئەمساڵ 45 هەزار و 113 خوێندكار و 4 هەزار و 142 دەرچوی ساڵی رابردوو و 3 هەزار و 277 دەرچووی ساڵانی پێشووتر داواكارییان پێشكەش كردووە، كۆی گشتی 52 هەزار و 532 داواكاری بووە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا 43 هەزار و 277 خوێندكار وەرگیراون و دواتر ژمارەكەش زیاتر دەبێت، چونكە دەرچوانی ناوچە دابڕاوەكان و هەندێك ژمارەی تریش وەردەگیردرێن.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا باسی لەوە كرد، رێژەی وەرگرتن بۆ دەرچووانی ئەمساڵ 82٪ بووە كە ژمارەیان 37 هەزار و 170 خوێندكاری وەرگیراوە، وەرنەگیراوانیش 18٪یە واتا 7 هەزار و 943 خوێندكار وەرنەگیراون.
وتیشی، هەروەها 102 دەرچووی خوێندنە نێودەوڵەتیەكانی ئەمساڵ، 2 هەزار و 941 دەرچووی ساڵی 2020، هەزار و 893 خوێندكاری ساڵانی رابردوو وەرگیراون و هەزار و 171 دەرچووی پەیمانگا تەكنیكیەكانیش لە كۆلێژە تەكنیكیەكان وەرگیراون.