
لە وڵاتی سودان كودەتای سەربازی روویدا و ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی و وەزیر دەستگیر كران و عەبدوڵڵا حەمدوك سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش لە ماڵەكەیدا دەست بەسەر كرا.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی سەربازی زۆر لە شەقامەكانی خەرتومی پایتەخت بڵاوەیان پێكراوە و هەڵمەتێكی دەستگیر كردن دژی سەركردە سیاسیەكان و سەرۆكی حزبەكان و وەزیرەكانی ئەو وڵاتە دەستی پێكردووە.
بەپێی زانیاریەكان، هەروەها عەبدوڵڵا حەمدوك سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لەلایەن هێزە كودەتاچییەكانەوە لە ماڵەكەی خۆیدا دەست بەسەر كراوە، سەرجەم رێگە و پردە سەرەكییەكانی پایتەختیش لەلایەن هێزە سەربازییەكانەوە داخراون و ناوچەكان لەیەكتر جیا كراونەتەوە و هێڵەكانی ئینتەرنێت و مۆبایل راگیراون.
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا حەمدوك پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كردووە، بڕژێنە سەر شەقامەكان و بەرگری لە شۆڕشەكەیان بكەن.
كودەتاكەی سودان لە كاتێكدایە، مانگی رابردوش بە هەمان شێوە هەوڵێكی كودەتای تر درا، بەڵام شكستی پێهێنرا.