
سوپای توركیا لە عەفرین داوا لە گروپە چەكدارەكان دەكات، خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئامادە بكەن و بەپێی زانیاریەكان، لە هەوڵی ئەوەدایە هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە”.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە، بە ئامانجی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی “هەسەدە” سوپای توركیا لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی سەدان چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ گرێ سپی.
روانگەكە ئاشكراشی كردوە، توركیا داوای لە سەركردەی گرووپە چەكدارییەكانی “جندرێس” و “عەفرین” كردووە، لە گرێ سپی كۆببنەوە، ئەوەش وەك ئامادەكاریەك بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی.
پێشتریش سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان گوندەكانی “تەلشەنان” و “دەردارا”ی دەوروبەری ناحیەی تەلتەمری پارێزگای حەسەكەیان تۆپباران كرد، كە لە ژێر دەستی “هەسەدە”دان و لە لایەكی ترەوە دوو گوندی لە ناوچەكانی باكوری حەلەبیشی تۆپباران كرد، ئەمەش دوای ئەوەی شەڕ و پێكدادان لە نێوان گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا و هێزەكانی یەپەگە روویدا.


