
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری كورد پێی وایە، لایەنە كوردیەكان راست ناكەن یەك ریزن بەڵكو زۆر دژی یەكترن، یەكێتی و پارتی دژی یەكترن و لایەنەكانی تریش، بەڵام هەندێك مەسەلە هەیە لە بەغدا ناتوانن دژی یەكبن.
مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمریكای وتووە، دەسەڵات و حكومەتی داهاتوو هەر لەدەستی شیعەكان دەمێنێتەوە، هەرچەندە ئێستا دوو بەرەن، بەرەیەك دەڵێت ئەنجامەكانی هەڵبژاردن خراپن، بەرەكەی تریش سەدرە.
ئاماژەی بەوشەداوە، سەركەوتنی هەریەكە لە بەرەكانی شیعە پەیوەستە بە لایەنەكانی كورد وسونەوە لەگەڵ كامیاندا رێك دەكەون بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەرچەندە تاوەكو ئێستا كورد و سوننە باسی ناكەن لە كام لایەنەوە نزیكن، چونكە چاوەڕوانی ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردن دەكەن كە دوای تانەكان چی بەسەردێت.
دەربارەی یەك دەنگی و یەكڕیزی كورد كە ئێستا لایەنە كوردییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، مەحمود عوسمان پێی وایە، لایەنە كوردییەكان راست ناكەن و یەك دەنگ نین و دژی یەكترن، یەكێتی و پارتی دژی یەكترن ئەوانی تریش دژی یەكترن و بەداخەوە زۆریش ناڕێكن، بەڵام هەندێك مەسەلە هەیە كە كوردەكان بچنە بەغدا بیانەوێت یاخود نا یەك دەنگ دەبن وەك بابەتی پێشمەرگە و مەسەلەی نەتەوایەتی و ماددەی 140.