
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و هەورە بروسكەوە، زیان بەر 41 فیدەری كارەبای ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری گەیشتوە، تیمەكانیان سەرقاڵن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كارەبای سلێمانی، ئەندازیار غالب محەمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلیمانی رایگەیاندوە، “لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردو 41 فیدەری كارەبا شۆرتیان كردوە و تیمەكانی چاكسازیی كارەبای شار و شارۆچكەكان هەر زو بەدەم كێشەكانەوە چون و چارەسەریان كرد.
لەلایەكی دیكەشەوە، ئەندازیار عەلی حەمەد بەڕێوەبەری دابەشكرنی كارەبای راپەرین رایگەیاند، بە هۆی بارانبارین و هەورە بروسكەی ئەمڕۆ شەممە، هەشت فیدەری كارەبا لە رانیە، چوار قورنە، حاجیاوا شۆرتیان كردوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ” تیمەكانی چاكسازی، هەر یەكێكیان لە سنوری خۆیان بێ گوێدان بە باو و باران كەوتنە گەڕان و پشكنین و، شوێنی شۆرتی كارەبایان دۆزییەوە و چارەسەرییان كرد”.
