
دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی لە عێراق بڵاویكردەوە، داوا لە هەموو گەشتیاران و كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دەكەن لەبری كارتی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا پشت بە پشكنینی PCR ببەستن بۆ رێگەدان بە گەشتكردن بۆ دەرەوە.
دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بۆ گەشتیاران و هەموو كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی كە لە عێراق كار دەكەن، داواكارن لەم ماوەیەدا بۆ رێگەدان بە گەشتكردن بۆ دەرەوە پشت بە كارتی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاكسین نەبەستن.
رونیشكراوەتەوە، بەڵكو لەبری ئەو كارتە پشت بە پشكنینی PCR ببەستن تایبەت بەو ڤایرۆسە، ئەو پشكنینەش دەبێت پێش 72 كاتژمێر لە گەشتكردن كرابێت، بڕیارەكە تاوەكو ماوەیەكی نادیار كاری پێدەكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر مەرجی گەشت كردن بریتی بوو لە وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، بەڵام بڕیارەكە نەچووە بواری جێبەجێ كردنەوە.

