
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، هەواڵی پشتڕاستكراوەی پێ دەگات كە وڵاتانی ئیقلیمی دەستوەردان لە كاروباری عێراقدا دەكەن و گوشار دەخەنە سەر فراكسیۆنەكان، ئەو دانوستانی لەگەڵیاندا رەتكردووەتەوە و داوا لەو فراكسیۆنانەش دەكات پەنایان بۆ نەبەن.
موقتەدا سەدر لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، هەواڵی تەواومان پێگەیشتووە كە دەستوەردانی هەرێمی لە كاروباری هەڵبژاردندا هەیە، هەروەها فشار لەسەر لایەن و فراكسیۆنە سیاسییەكان هەیە لەپێناو بەرژەوەندی دەرەكی كە زیانی زۆری لەسەر عێراق و گەلەكەی هەیە.
سەدر باسی لەوەش كردووە، داوا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەكات كە دەستوەردانی ئاشكرایان هەیە دەستبەجێ دەستیان بكێشنەوە، من دانوستاندنم لەگەڵیاندا رەتكردەوە بۆیە پێویستە لایەنەكان پەنایان بۆ نەبەن و نەیانخەنە ناو كاروبارە ناوخۆییەكانمانەوە، ئێمە عێراقین و كێشەكانمان تەنیا لەنێوان خۆماندا چارەسەر دەكەین.
لە بەشێكی تری تویتەكەیدا رێبەری رەوتی سەدر وتویەتی، ئەگەرنا دەستوەردان و دەستهاویشتنیان سوكایەتییە بە عێراق و گەلەكەی و سەربەخۆییەكەی و هەیبەت و سەروەرییەكەی.