
ئەمڕۆ دووشەممە ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەستی پێكرد و زیاتر لە 11 ملیۆن خوێندكار لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، دەستیان كرد بە دەوام كردن.
حەیدەر فاروق وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، ئەمڕۆ دووشەممە ساڵی نوێی خوێندنی 2021 بۆ 2022 لە عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان بە بەشداری 11 ملیۆن و 65 هەزار خوێندكاری خوێندنگە و پەیمانگا هونەری و فێركاری و پیشەییەكان دەستی پێكرد.
رونیشیكردووەتەوە، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەماهەنگیان كردووە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندورستی خوێندكاران سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا و گرنگە خۆپارێزی هەبێت تاوەكو خوێندن بەردەوام بێت.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق وتوشیەتی، هەروەها بابەتەكانی خوێندن بە شێوەی ئەلكترۆنی لە ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە دانراوە، تاوەكو خوێندكاران و مامۆستایان سودی لێ ببینن.
لای خۆشیەوە مستەفا كازمی لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شاری بەغدا زەنگی دەست پێ كردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە وتەیەكدا وتی، خوێندكاران داهاتومانن و بەوانەوە عێراق گەشە دەكات، گوێ بۆ هیچ كەسێك مەگرن كە هەوڵی ئەوە دەدات تاییفیەت و رەگەزپەرستی لە مێشكتان بچێنێت و كەسانی خراپ هەن بۆ ئەوە دەژین تا جیاوازی بخەنە نێوانتانەوە، بەڵام هەموومان یەكین و ئەرك و مافمان هەیە.
