
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكی، ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە و پێشتریش تووشی كۆرۆنا بوون، 5 هێندە ئەگەری توشبوونیان بە ڤایرۆسەكە لەو كەسانە زیاترە كە هەردوو ژەمەكەی ڤاكسینیان وەرگرتووە، هەرچەندە پێشتریش توش نەبووبێتن.
رۆشێڵ والینسكی بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەكان و خۆپاراستن لێیان لە ئەمریكا رایگەیاندوە، بەڵگەی نوێیان لەبەردەستدایە كە گرنگی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا دەسەلمێنن، تەنانەت بۆ ئەوانەشی پێشتر توشی ڤایرۆسەكە بوون.
باسی لەوەش كردووە، توێژینەوەكە ئەوە دەسەلمێنێت كە ڤاكسینەكان گرنگن بۆ پاراستن لە نیشانە سەختەكانی پەتای كۆرۆنا و باشترین رێگەن بۆ وەستاندنی ڤایرۆسەكە، ئەوەش سەرەڕای جێبەجێ كردنی رێكارەكانی خۆپارێزی وەك بەستنی كەمامە و شوشتنی دەستەكان و دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی.
توێژینەوەكە لەسەر 201 هەزار كەس كراوە كە براونەتە نەخۆشخانە و دەركەوتووە، ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە و لە ماوەی 3 بۆ 6 مانگی پێشتردا تووشی كۆرۆنا بوون 5 هێندە ئەگەری توشبوونەوەیان لەو كەسانە زیاترە كە ڤاكسینیان وەرگرتووە، هەرچەند پێشتریش تووش نەبوبێتن.

