
د.پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لەشاری سلێمانی دەڵێت، ژمارەی توشبونی منداڵان بەئەنفلۆنزا و كۆرۆنا زۆر زیادیكردوەو رۆژانە زیاتر لە 120 منداڵ داخڵ دەكرێن.
د.پشدەر عەبدوڵڵا بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی وتووە، توشبوون بە ئەنفلۆنزا و كۆرۆنا لەنێو منداڵاندا زۆر زیادی كردووە و تاوەكو دوو هەفتە پێش ئێستا رۆژانە نزیكەی 100 نەخۆش بوو، بەڵام ئێستا ژمارەكە زۆر زیادیكردوە رۆژانە گەیشتوەتە زیاتر لە 120 نەخۆش.
رونیشیكردووەتەوە، هەرچەندە ژمارەی نەخۆش زیادیكردوە بەڵام بەهۆی فراوانكردنی نەخۆشخانەكە توانای وەرگرتنی نەخۆشیشیان هەیە و دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و لەگەڵ بارانبارین و بەرزبونەوەی رێژەی شێ گەشەی ڤایرۆسەكان و بڵاوبونەوەیان كەمتر دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو منداڵانەی رۆژانە داخڵی نەخۆشخانە دەكرێن توشبووی كۆرۆنا و پەتای ئەنفلۆنزای وەرزیشی تێدایەو هەندێكیان بەسوكی و هەندێكیشیان بەقورسی دەیگرن و 30% بۆ 40%ی توشبوی كۆرۆنان، بەڵام ئەگەر بەقورسیش بیگرن دوای دوو بۆ سێ رۆژ دۆخی تەندروستیان زۆر باش دەبێتەوە.
