
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق، نیگەرانی خۆی لە رووداوەكانی رۆژی هەینی لە بەغدا دەردەبڕێت كە بووە هۆی كوشتنی خۆپیشاندەرێك و برینداربونی دەیان كەسی دیكە و داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكات.
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق “یۆنامی” لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، لە زیادبونی توندوتیژی و هەبونی بریندار لە روداوەكانی رۆژی هەینی بەغدا نیگەرانن و داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەن ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن.
ئەوەش هاتووە، هەروەها دەبێت رێز لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانەش بگیرێت و گرنگیشە خۆپیشاندانەكان هێمنانە و ئاشتییانە بمێننەوە.
لە خۆپیشاندانی رۆژی هەینی لایەنگرانی حزبە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن گرژی دروست بوو، خۆپیشاندەران هەوڵی چونە ناوچەی سەوزیان داو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگریان لێكرا، بەهۆی ئەوەشەوە خۆپیشاندەرێك كوژرا و 125 كەسی تر كە 25یان مەدەنی و ئەوانی تر ئەندامی هێزە ئەمنیەكانن بریندار بوون.
