
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە، سیستمی كارەبای زیرەك هاككرابێت و جەخت لەوە دەكاتەوە، كوژانەوەی كارەبا بەهۆی گرفتی تەكنیكی خۆیانەوەیە.
ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم سەبارەت بە دەنگۆی هاك كردنی سیستمی زیرەكی كارەبای هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ گرفتێك لە سیستمی كارەبای زیرەك نییە و تاوەكو ئێستا نەمانزانیوە ئەو سیستمە لە هەرێمی كوردستان هاك كرابێت.
ئاشكراشی كرد، كوژانەوەی كارەباش رەنگە پەیوەندیی بەگرفتی تەكنیكی خۆمانەوە هەبێت نەك هاك كردنی سیستمەكە، هەر كێشیەكیش هەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە دواتر بە راگەیەنراو ئاشكرای دەكەین.
درەنگانی شەوی رابردو دەنگۆی هاك كردنی سیستەمی كارەبای زیرەك لە هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە، باس لەوەش دەكرا، هەمان ئەو كەسانە بوون چەند رۆژێك پێش ئێستا ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانیان هاك كردبوو.
