
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا، هەڵمەتێك بۆ هۆشیاركردنەوەی ئەو هاووڵاتیانە رادەگەیەنێت كە بەنیاز بە نایاسایی كۆچ بكەن، تا بەڕێگایەكی سەلامەت و یاسایی كۆچبكەن و خۆیان و خێزانەكانیان دوربن لە مەترسییەكانی رێگای كۆچی نایاسایی.
ئەمەی خوارەوە دەقی ئاگادارییەكەیە:-
ئاگادارییەك بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت كۆچی نایاسایی بكەن
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لەڕێگەی هەڵمەتێكی میدیاییەوە هاوكارو رێنیشاندەری هاووڵاتیانی خۆشەویست دەبێت، بۆئەوەی بەڕێگەیەكی یاسایی كۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپا بكەن، نەك رێگەی مەرگەسات و قاچاخ و نایاسایی بگرنەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لەڕێگەی پەڕەی تایبەت بەخۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، رێگا یاساییەكانی وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاری، ڤیزای كاركردن، ڤیزای نەخۆشی و چەند جۆرێكی دیكە لەڤیزا بڵاودەكاتەوە.
ئامانجمان لەم هەڵمەتە ئەوەیە هاووڵاتیان بەڕێگایەكی سەلامەت و یاسایی كۆچبكەن، بۆئەوەی خۆیان و خێزانەكانیان دوربن لە مەترسییەكانی رێگای كۆچی نایاسایی.
لێرەوە داوا لە هەر كەسێكی بە ئەمەك و دڵسۆز دەكەین، كە دیمەنی ژن و منداڵ و گەنج و پیرەكانی رێگای كۆچ ناخی هەژاندون، هاوكارمانبن لەم هەڵمەتەدا، بۆئەوەی چیتر هاووڵاتیانی كورد لەو رێگایە نەبنە قوربانی و رێگری لەو نەهامەتییە بكەین.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی
