بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام كۆبونەوە.
بەپێی راگەیەنراوێك،بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردوە لە هاوینەهەواری پیرمام و لەكۆبونەوەیەكدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكەیان كردوە، هەروەها بەشداری كورد لەحكومەتی داهاتووی عیراق و روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە سیاسییەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.وە
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەكۆبونەوەكەدا دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی و پرسە هەنوكەییەكان، جەختكراوەتەوە لە یەكڕیزیی نیشتمانی كوردو یەكخستنی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.
هەروەها راگەیەنراوە كە لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا قۆناغی نوێی عیراق لەدوای هەڵبژاردنەكان هەڵوەستەی لەسەر كراوەو گرنگی یەك گوتاری كورد لەبەغدا بە پێویست زانراوەو پەرۆشی یەكێتی و پارتی بۆ یەكڕیزی و تەبایی ماڵی كورد دوپاتكراوەتەوە، هەردوولاش جەختیانكردۆتەوە لەسەر پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ كۆی پرسە سیاسییەكان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عیراق و چەسپاندنی پرەنسیپی شەراكەت لەحوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری.