
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەی نیشتەجێبون بۆ مامۆستایانی ئایینی (پێشنوێژو وتارخوێن) دروستدەكات.
لەوبارەیەوە نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رادیۆی نەوای راگەیاند:
پرۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون بۆ مامۆستایانی ئایینی پێشنوێژو وتارخوێن یەكێكە لەپرۆژەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم لە كابینەی نۆیەم، پرۆژەكە قۆناغێكی باشی بڕیوە لەسەر راسپاردەی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی لیژنەیەكی تایبەت لە وەزارەتی ئەوقاف پێكهێنراو لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێم كۆبۆوە بەمەبەستی دەستپێكردنی میكانزمی كرداری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
نەبەز ئیسماعیل وتیشی: لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا شوێنی یەكەی نیشتەجێبون دەستنیشان بكرێت و ئەو كۆمپانیایانەی كەوا پێشبڕكێ دەكەن بەپێی رێنمایی وەزارەتی ئەوقاف بێن پرۆژەی خۆیان پێشكەش بكەن بۆ دروستكردنی یەكە نیشتەجێبونەكان، ئەوەی گرنگە یەكەكان بەسەر مامۆستایانی ئایینی هەرێمدا دابەشدەكرێت بەپێی رێنمایی و هەوڵدەدرێت ئەو مامۆستایانە بەباشترین شێوە سودمەندبن بەگوێرەی ئاستی دارایی خۆیان كە لەبەرژەوەندیاندا بێت و قۆناغی باشی بڕیوە، ئێستا لەروی پراكتیكیەوە پرۆژەكە رێچكەی خۆی گرتوە.

