
سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا پێی وایە، قەیرانی كۆچەرانی سەر سنورەكان لە دوای جەنگی ساردەوە گەورەترین هەوڵە بۆ تێكدانی سەقامگیری ئەوروپا.
ماتیۆش مورافیسكی سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، سەرۆكی بیلاڕوسیا شەڕی دژی یەكێتی ئەوروپا راگەیاندووە.
رونیشیكردووەتەوە، قەیرانی كۆچەرانی سەر سنورەكانی پۆڵەندا و بیلاڕوسیا گەورەترین هەوڵە بۆ تێكدانی سەقامگیری ئەوروپا لە ماوەی 30 ساڵی رابردودا لە دوای جەنگی ساردەوە، وڵاتەكەی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ بەرگری كردن لە سنورەكانی یەكێتییەكە.
هەزاران كۆچەر لەسەر سنورەكانی پۆڵەندا و بیلاڕوسیا گیریان خواردووە كە بەشێكی زۆریان خەڵكی هەرێمی كوردستانن و رێگەیان پێنادرێت بچنە سنورەكانی یەكێتی ئەوروپا، ئەو یەكێتییەش بیلاڕوسیا بە بەكارهێنانی كۆچەران بۆ مەرامی سیاسی تۆمەتبار دەكات.

