
چاو لی جیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، پرۆسەكانی كەشتیە ئەمریكییەكان لە گەرووی تایواندا پیشاندانی هێزە و واشنتن یاری بە ئاگر دەكات.
چاو لی جیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، چین پێی وایە پرۆسەی كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا لە گەرووی تاویواندا پیشاندانی هێزە لەلایەن ئەو وڵاتەوە و پێویستە واشنتن كۆتایی بە یاری كردن بە ئاگر بهێنێت.
رونیشیكردووەتەوە، لە ماوەی دواییدا كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا بازووی خۆیان پیشان دەدەن بە بیانوی پاراستنی رێڕەوە ئاوییەكان، ئەوەش پەیوەندی بە ئازادی دەریاییەوە نییە بەڵكو لاواز كردنی ئاشتی و سەقامگیری هەرێمییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە نیازی راستەقینەی ئەمریكا تێبگات، چین بە توندی بەرگری لە سەروەریی نیشتمانی و سەلامەتی خاكەكەی دەكات و پێویستە ئەمریكا هەڵەكانی راست بكاتەوە و ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ئەنجامی بدات.

