
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی لە خۆپیشاندانەكاندا شەقی لەسەری خوێندكارێكدا لەسەر فەرمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەستگیر كراوە.
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەكاتێكدا خوێندكاران وەك مافێكی رەوای خۆیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەمەبەستی خستنەڕووی چەند داواكاریەك و هێزە ئەمنییەكانیش وەك هەمیشە ئەركی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەكرد لە پارێزگاری و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران، بەداخەوە چەند كەس و لایەنێك بۆ مەرامی سیاسی ناڕەوای خۆیان لەرێی چەند كەسێكی گومان لێكراوەوە هەوڵیاندا ئاراستەی خۆپیشاندان و داخوازی خوێندكاران بەلارێدا بەرن بەرەو توندو تیژی و تێكدانی ئارامی شاری سلێمانی.
ئەوەش هاتووە، لەو چوارچێوەیەشدا چەند كەسێك بەشێوەی بەرنامە دارێژراو پەلاماری مەفرەزەیەكی ئەمنی دەدەن و لە كاردانەوەی بەرگریكردن لەخۆ و دەستگیر كردنی كەسەكان، جێگەی داخە كارمەندێك كاردانەوەی توندی دەبێت و ئازاری یەكێك لەو كەسانە دەدات.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەسەر فەرمان و راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەرێوەبەرایەتیمان دەست بەجێ هەستا بە دەستبەسەر كردن و ئەنجامدانی كاری یاسایی لەگەڵ ئەو كەسە، وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رێگە بە هیچ ئەفسەرو كارمەندێك نادرێت كاردانەوەی توند و دوور لە یاسا لەگەڵ خۆپیشاندەران ئەنجام بدەن.
ئاسایشی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئاگاداری خوێندكاران دەكەن پاڵپشت و پشتیوانی داوا رەواكانیانن و داواكارن زیاتر چاوكراوە و بەئاگابن و رێگە نەدەن كەسانێك بۆ مەرام و بەرژەوەندی سیاسی خۆیان داوا و خواستی خوێندكاران بقۆزنەوە و ئاراستەی خۆپیشاندانی هێمنانەیان بگۆڕن.