
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی خوێندكاران و قوتابیانی بەشێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.
لەبەشێكی ئەو كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی تیشكی خستە سەر ناڕەزایەتییەكانی خوێندكاران و قوتابیان بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەكانیان، لەوبارەیەوە وتی: ئەو داواكاریانەی هەتانە بە تایبەتی كە باسی دەرماڵە كرا، دەمەوێت بۆتان باس بكەم كە ئەو زانكۆیانەی حكومین بەخۆڕایین، حكومەت بەخۆڕایی خوێندن تەرخاندەكات بۆ ئەو قوتابیانەی كە لەو زانكۆیانە وانە دەخوێنن، داواكردنی دەرماڵە بۆئەوەی خوێندێكی خۆڕایی بكرێت لەهیچ شوێنێكی دنیادا نییەو شتێكی وانییە كە بوترێت دەخوێنم بە خۆڕایی و دەبێت پارەیەكیشم بدەنێ بۆئەوەی خوێندنی پێ بكەم.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی: زانكۆی تر هەیە ئەهلین رەنگە خەڵكانێك هەبن دۆخی داراییان باشبێت پارەش دەدەن بۆئەوەی بچن بخوێنن یاخود نمونەی وڵاتانی دەرەوە دەهێننەوە كە لە ئەمریكاو ئەوروپا بەو شێوەیەیەو قەرز بەقوتابی دەدرێت، ئەوەیان راستە بەڵام ئەوانەی دەچنە هەر شوێنێكی پێشكەوتوی جیهان ئەو وڵاتانە خوێندنیان بەخۆڕایی نییە هەموو قوتابییەك دەبێت پارە بدات كاتێك بانك قەرزیان دەداتێ بۆئەوەی بە قیست پارەی خوێندنەكەیان بدەنەوە بە زانكۆكان قەرزەكانیش حكومەت نایدات تەنها بانك دەیدات، لەبەرئەوە خوێندن لەهەرێم بەخۆڕاییەو ئەم بابەتەش لەساڵی 2014ـەوە نەماوە پێشتر لە عیراقیش هەبوو لەوێش نەماوە، ئێستا نازانم بۆچی وروژاندویانە.