
لە راگەیەنراوێكدا شانەی ئەمنی عیراق بڵاویكردۆتەوە: هێزە ئاسمانیەكانیان لە فەرماندەیی پرۆسەكانی كەركوك توانیویانە ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی داعش لەزنجیرە چیای حەمرین بۆردومان بكەن.
راشیگەیاندوە، جۆری ئۆتۆمبێلەكەی بەچەكدارە داعشەكان بوە پیكاب بوە كاتێك هێزە ئاسمانییەكان چاودێری جموجوڵەكانی داعشیان كردوە، تێبینی ئۆتۆبێلەكەیانیان كردوەو بۆردومانیان كردون.
لەبارەی مانەوەی چەكدارانی داعش لەو زنجیرە چیایە، مەلا حەسەن گەرمیانی ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ رادیۆی نەوا وتی: زنجیرە چیای حەمرین بەرفراوانە شوێنی سەخت و دۆڵی قوڵ و ئەشكەوتی لێیە، ناوچەیەكە لەناوچەی خانەقین و مەندەلییەوە دەستپێدەكات و دەڕوانێت بەسەر دیالەو دواتر بەرەو داقوق و دوزخوماتو درێژدەبێتەوە تا دەگاتە ناوچەی زاپ لەسەر روباری دیجلە، ئەم ناوچەیە فراوان و سەختە شیاوە بۆئەوەی شەڕی پارتیزانی و مەفرەزەی تیادا دروستبكرێت، كاتێك ئەمریكییەكانیش لەو سنورەبون نەتوانراوە وەكو پێویست كۆنترۆڵی بكەن.
لەبارەی پێكهێنانی دوو لیوا بۆ پاراستنی ناوچە جیناكۆكەكان كە پێشتر بڕیاری لێدرابوو، مەلا حەسەن گەرمیانی وتی: ئەو دوو لیوایەی بڕیاری لێدراوە بۆ پاراستنی ناوچە جێناكۆكەكان ئێستا لە راهێناندان دوای كۆتاییهاتنیان شوێنیان بۆ دیاریدەكرێت بەپێی رێككەوتنێك كە لە ئارادایە.
