
هاوار محەمەد بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بەهۆی لەدەستدانی دوو كورسییان سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تۆمار دەكەن.
هاوار محەمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، راستە ئەو ئەنجامەی راگەیەندرا ئەنجامی كۆتایی بووە بەڵام هەموو یاسایەك دەرچەیەكی هەیە، پێیانوایە بڕیارەكە دەستوری نەبووە ئەگینا بۆ ئەوان ئاسایی دەبوو، بەپێی ماددەی 20 لە دەستوری عیراق ناكرێت هیچ دەنگێكی هاوڵاتی عیراق بە فیڕۆ بڕوات.
وتوشیەتی، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان كەمتەرخەمی و نەشارەزایی بەشێك لە كارمەندانی كۆمیسیۆن بووە، كە نەیانتوانیوە لەكاتی خۆیدا دەنگەكان بگەیەننە ناوەندی كۆكردنەوەی داتاكان لە بەغدا، بۆیە سەرجەم دەنگەكان هەڵوەشێندراونەتەوە.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق پارتی لە پارێزگاكانی هەولێر و نەینەوا دوو كورسی لە بەرژەوەندی پاڵێوراوەكانی یەكێتی لە دەستدا، بەوەش كۆی كورسیەكانی ئەو حزبە دابەزین بۆ 31 كورسی و یەكێتیش سەركەوت بۆ 18 كورسی.

