
دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ئیدانەی هێرشەكەی چەكدارانی داعش دەكات كە بەم دواییانە كرانە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چەندین شەهیدو برینداریان لێكەوتەوە.
لە پەیامێكدا عەلی قەرەداغی رایگەیاندوە، “ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیەی داعش دەكەم كە لە كوردستان ئەنجامیدا، ئەو كردەوە قێزەونە بەهەموو پێوانەو بنەمایەكی ئاینی و نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتی ئیدانە كراوە”
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان راشیگەیاندوە: “تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵگە خزمەت بە ئیسلام ناكات، خودای گەورە رەحم بەهاووڵاتیانی سڤیل و پێشمەرگەكانمان بكات”
هەروەها رایگەیاندوە، ئێمە شانازی بەئیسلامەوە دەكەین، هیچ ئازایەتیەكی تێدا نیە بۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش كە بوەتە داردەست و هۆكاری ئیهانەكردنی مسوڵمانان و هاوكاری دوژمنانی ئیسلام.

