
بەرەی توركمانی عیراق رایگەیاند: هێزی هاوبەش نەیتوانی لەناوچە جێناكۆكەكان گروپە تیرۆریستییەكان لەناوبەرن.
لە راگەیەنراوێكدا بەرەی توركمانی عیراق سەبارەت بە هێرشەكانی ئەم دواییەی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان رایگەیاندوە، لەدوای مانگی 10ی ساڵی 2017ـەوە كە پرۆسەی سەپاندنی یاسا جێبەجێ كرا، ناوچەیەكی بۆشایی دروستبوو كە بوە هۆی پەناگەیەك بۆ گروپە چەكدارەكان، چونكە رێگە نەدرا هێزەكانی فیدراڵی بەئاسانی كۆنترۆڵی بكەنەوە كە ناوچەكان دەكەونە سنوری ئیدارەی پارێزگاكانی دیالەو سەڵاحەدین و كەركوك و موسڵەوە.
هەروەها بەرەی توركمانی راشیگەیاندوە، ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان هەولێرو بەغدادا كرا بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبەش لەسوپای عیراق و پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك نەبوە هۆی لەناوبردنی گروپە چەكدارەكان، بۆیە تەنها چارەسەر بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش لەناوچە جێناكۆكان كۆنترۆڵكردنەوەیەتی لەلایەن سوپای فیدراڵییەوە بە بەشداری سەرجەم هێزەچەكدارەكانی تری عیراق بەسوپاو دژەتیرۆرو بەپشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، تا ناوچەكە لە گروپە چەكدارەكان پاكبكرێنەوە.
