
كەریم نوری وەكیل وەزیر لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ئاشكرای كرد، تاوەكو ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 كۆچەر لە بیلاڕوسیاوە گەڕێندراونەتەوە كە زۆرینەیان كوردن.
كەریم نوری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، حكومەت بەردەوامە لە هێنانەوەی ئەو عیراقیانەی لەسەر سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە.
رونیشیكردووەتەوە، زیاتر لە هەزار و 500 كۆچەر هێنراونەتەوە، كە زۆریەنەیان كوردن و دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، تاوەكو ئێستاش هێنانەوەیان نەوەستاوە وەك ئەوەی باس دەكرێت.
ئەو وەكیل وەزیرە وتوشیەتی، ژمارەی ئەو كۆچەرانەی لەسەر سنورەكانی بیلاڕوسیان نەزانراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەیان لە رێگەی توركیاوە بە نایاسایی رۆشتوون، وەزارەتەكەیان هەوڵی كۆكردنەوەی زانیاری و گەڕانەوەی ئەوانە دەدات كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و پێویستیان بە هاوكارییە.
