
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، شاندێكی وەزارەتەكەیان بە مەبەستی كۆبوونەوەی سەربازی و هەواڵگری و گفتوگۆ كردن لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەكە و مەترسیەكانی تیرۆرستان بەرەو بەغدا بەڕێكەوتوون.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، بە مەبەستی دوو كۆبوونەوەی جیای سەربازی و هەواڵگری، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆكایەتی فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتەكە بەرەو بەغدا بەرێكەوتوون.
ئەوەش هاتووە، بڕیارە لەگەڵ گەیشتنی شاندەكە،دوو كۆبوونەوەی جیا لە نێوان هەواڵگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و هەواڵگری بەرگری عیراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بەڕێوەبچێت.
وەزارەتەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەكۆبوونەوەیەكی تریشدا بڕیارە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەكە و مەترسیەكانی تیرۆریستان و هەنگاوەكان لەبارەی چارەكردنی كێشەكانی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە، بۆ بەیەكەوە رۆڵ بینین لە راوەدوونان و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش، كۆبوونەوەیەك لەنێوان ئەمینداری گشتی وەزارەت و ئەمینداریەتی گشتی بەرگری بەغدا بەڕێوەبچێت.