پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن، منداڵان ساڵانە شەش بۆ هەشت جار توشی نەخۆشییە وەرزییەکان دەبن، کە ئەو رێژەیە دوو هێندەی توشبوونی کەسێکی پێگەیشتووە بەو نەخۆشیە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی کە هەن، کاریگەرییان لەسەر نەخۆشیەکە نابێت.
ئایا گونجاوە دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە وەرزییەکان بەکاربهێندرێت؟
ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی نوسیویەتی، هەرچەندە دەرمانخانەکان پڕن لەو دەرمانانەی کە دەوترێت چارەسەری نیشانەکانی پەتای وەرزیی دەکەن، بەڵام بەڵگەیەکی کەم لەئارادایە کە زۆرێک لەو دەرمانانە کاریگەرییان هەبێت، جگە لەوەش هەندێکیان بۆ منداڵان و ژنانی دووگیان شیاو نین.
پەتای وەرزیی دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئازاری قوڕگ، لوتگیران، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و پژمین و هەندێکجاریش هەستیاری، بەڵام ئەم نیشانانە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەک یان زیاتردا خۆیان دەبێت نەمێنن.
چۆن چارەسەری لوتگیرانی منداڵان بکەیت؟
دکتۆر راهول چۆدهاری راوێژکاری پزیشکی منداڵان و وتەبێژی کۆلێژی شاهانە بۆ نەخۆشی منداڵان و تەندروستییان، بە ماڵپەڕەکەی وتووە “باشترە دایک و باوکان پاککەرەوەی لوت (سالین) بۆ چارەسەری هەڵامەتی منداڵەکانیان بەکاربهێنن کە ئاوی سوێری تێدایە“.
پزیشکەکە وتووشیەتی، بەکارهێنانی ئاوی سوێر بۆ پاککردنەوەی لوتی منداڵ زیانی لاوەکی نیە و دەتوانرێت بۆ چەند جارێک لە ڕۆژێکدا بەکاربهێندرێت، هەروەها سەلمێندراوە کە ئاوسانی لوت کەمدەکاتەوە.
بەڵام جگە لەوە، پاراسیتامۆڵ بەشێوەی شروب، سوودمەندە بۆ چارەسەرکردنی تا لە منداڵاندا، بەڵام کاریگەری لەسەر هەڵامەتی منداڵ هەیە.
چی بەکارنەهێندرێت؟
پسپۆڕانی تەندروستی داوا لە دایک و باوکان دەکەن کە دەرمانی (Decongestants) بۆ چارەسەری هەڵامەتی منداڵەکانیان بەکارنەهێنن، کە بەشێوەی سپڕا لە دەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێن، چونکە بۆ منداڵانی خوار تەمەن (12) ساڵ گونجاو نیە و زیانی لاوەکی هەیە وەک گێژبوون و ئازاری سک.
بەڵام کەسانی پێگەیشتوو دەتوانن ئەو چارەسەرە ٣ بۆ ٤ ڕۆژ بەکاربهێنن، سەرباری ئەوەی توێژەرانی گۆڤاری تەندروستی بی ئێم جەی وتوویانە، کاریگەرییەکی ئەوتۆی بۆ چارەسەرکردنی هەڵامەت نیە و تەنها لوت دەکاتەوە.
پسپۆڕان هۆشداری ئەوەشیانداوە کە سپڕای بەردانی لوت زیانی لاوەکی دیکەشی هەیە، وەک سەرئێشە و خەوزڕان و ئەگەر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەکاربهێندرێت کەسەکە توشی لوتگیرانی درێژخایەن دەبێت.
دکتۆر. چۆدهاری ڕێنمایی ئەوەشی داوە کە شروبی کۆکە بۆ منداڵان بەکارنەهێندرێت، چونکە رێگریکردن لە کۆکە وادەکات منداڵ نەتوانێت ئەو بەڵغەمە فڕێبدات کە لە قوڕگیدا دروست دەبێت.
پزیشکەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، دەرمانی ئەنتیبایۆتیک تەنها چارەسەری ئەو نەخۆشیانە دەکات کە بەهۆی بەکتریاوە توشدەبن و سوودی بۆ پەتای وەرزی نابێت بەو پێیەی هۆکاری توشبوونی ئەم نەخۆشییە زیاتر ڤایرۆسە.
دەشڵێت، “پێشنیازناکرێت هەڵم یان کرێمی چەورکردن بۆ منداڵان بەکاربهێندرێت”.
هاوکات بە گوێرەی دەزگای تەندروستیی نیشتمانی کە دەزگایەکی حکومیی بەریتانییە، بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نیە کە ڤیتامین سی، زینک و سیر ڕێگری لە توشبوون بە پەتای وەرزی بکەن یاخود چارەسەری ئەو نەخۆشییە خێراتر بکەن.
کەی منداڵ ببرێت بۆ نەخۆشخانە؟
پسپۆڕانی تەندروستی لە بەریتانیا رێنمایی دەدەنە ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکانیان توشی نەخۆشییە وەرزییەکان بوون، لە سێ حاڵەتدا منداڵەکانیان نیشانی پزیشکی پسپۆڕ بدەن:
– کاتێک پلەی گەرمی لەشی منداڵ (38.5) پلەی تێپەڕاند.
– ئەگەر منداڵەکە توشی هەستیارییەک بوو.
– ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیەکەی دوای چەند ڕۆژێک کەمنەبووەوە.
پزیشکەکان رێنمایی ئەوەش دەدەن، لەکاتی توشبوون بە نەخۆشییە وەرزییەکان، ئاوی زۆر بدرێت بە منداڵان، ئەو نەخۆشیەش زیاتر بەهۆی ڤایرۆسەوە بڵاودەبێتەوە، لەبەر ئەوە بۆ خۆپارێزی دەستیان بەردەوام بە ئاوی گەرم بشۆن