
كۆمپانیای (دیلۆیت) بۆ وردبینیی كردن لەسەر فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی تایبەت بە داتاو زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت 1-1-2021 تا 30-6-2021 ى بڵاوكردەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتەی دیلۆیت كە فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2021، حكومەتی هەرێمی كوردستان 77.35 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕێگای بۆری هەناردەی دەرەوە كردوە، هەروەها 3.95 ملیۆن بەرمیل بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان تەرخانكراوە. 76.869 ملیۆن بەرمیلیش لەنەوتی خاوی هەناردەكراو گواستراوەتەوە لەلایەن فرۆشیارانەوە لەڕێی بەندەری جەیهان بەتێكڕای نرخی 53.446 دۆلار بۆ یەك بەرمیل.
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتوە، لەنیوەی یەكەمی ساڵی 2021دا حكومەتی هەرێمی كوردستان 4.1 ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی هەناردەكراوی نەوتی خاوی بەدەستهێناوە لەدوای دانەوەی شایستەكانی مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەكاربەرانی بۆرییەكان و كڕیاران، 1.737 ملیار دۆلاری وەك سافی داهاتەكانی نەوتی خاوی بۆ ماوەتەوە.
