سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتنی ڕاگەیاندووە ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا ” باجێکی قورس دەدات و ڕووبەڕووی سزایەکی ئابووری ڕووخێنەر دەبێتەوە.”
بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕەوانەکردنی هێزی شەڕکەری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لە حاڵەتی هێرشی ڕوسیادا بۆ سەر ئەو وڵاتە ” هەرگیز بژاردەیەک ” نەبووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە حاڵەتی هێرشی ڕوسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا، دەبێت ئەمەریکا و هاوپەیمانیتی ناتۆ هێزی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بکەن، بەمەستی پتەوکردنی بەرگرییەکانیان.
دوابەدوای لێدوانەکانی سەبارەت بە زریانە بەهێزە کوشندەکەی ئەمەریکا، سەرۆک بایدن وتی ” بەتەواوەتی بۆ سەرۆک پوتنم ڕوونکردەوە، ئەگەر دژی ئۆکرانیا بجوڵێت ئەوا سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی ڕووخێنەر دەبێت.”
بایدن کە هەفتەی ڕابردوودا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونی ڤیدیۆییەوە قسەی لەگەڵ پوتندا کرد، وتی ڕوونی کردۆتەوە بۆ پوتن کە ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا پێگەی ڕوسیا ” بەشێوەیەکی دیار ” لە جیهاندا دەگۆڕێت.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتیش ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەکەیاندا لە شاری لیڤەرپوڵی بەڕیتانیا پەیامێکی هاوشێوەیان ئاڕاستەی ڕوسیا کرد، هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی هەر داگیرکارییەک دەرەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە و داوایان لە مۆسکۆ کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن.
ئۆکرانیا ڕوسیای تۆمەتبارکردووە بە تۆمەتی ئەوەی دەیان هەزاران سەبازی لەسەر سنوورەکەی کۆکردۆتەوە و ئامادەن بۆ ئەگەری هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکرانیا.
ڕوسیاش ڕەتی دەکاتەوە پلانێکی لەوشێوەیەی هەبێت و ئۆکرانیا و ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی ڕەوشەکە خراپ دەکەن، وتووشیەتی پێویستی بە گرەنتیە لەسەر پارێزراویی خۆی.