
قوسەی شەبەكی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، سەرەڕای بەڵێنەكانی مستەفا كازمی، حكومەت بێدەنگە لەبەرامبەر دەستدرێژی و سنور بەزاندنەكانی توركیا و تەنانەت حكومەتی هەرێمیش هەڵوێستی نییە.
قوسەی شەبەكی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، مستەفا كازمی لەكاتی وەرگرتنی متمانە وەك سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا كۆتایی بە بوونی هێزە بیانیەكان لەخاكی عیراقدا بهێنێت، هەروەها پەرلەمان بڕیاری ئاشكرا و روونیدا بۆ كۆتایی هێنان بە هێزە بیانییەكان، ئەمریكی بن یاخودنا.
رونیشیكردووەتەوە، تاوەكو ئێستا كار بە بڕیارەكە نەكراوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كازمی بەڵێنیدا پابەند دەبێت بە كۆتایی هێنان بە بوونی هێزە بیانیەكان، حكومەت بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ كاردانەوەیەكی بەرامبەر بوونی توركیا و بەزاندنی سنورەكان نییە.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح وتوشیەتی، تەنانەت حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێدەنگە و سەرەڕای دەستدرێژییە بەردەوامەكانی لایەنی توركی بۆ سەر گەلی عیراق، هیچ هەڵوێستێكی نەبووە.
