
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كورستان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی لە پۆستەكەی لابرا و گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ هەرێم و كەسێكی تر بە وەكالەت لە شوێنەكەی دانرا.
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە 13ی 12ی 2021 دەرچووە، بڕیاردراوە بە گواستنەوەی عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان.
بەپێی نوسراوە، لیوا خۆشەویست جەمال ئەحمەد كە بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش PJCCیە وەك بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بەوەكالەت لە شوێنی عەمید فەرەیدون دەستبەكاردەبێت.
ماوەیەكە گۆڕانكاری لە پۆستە حكومییەكان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و ژمارەیەك گۆڕانكاری كراون، پێشتریش حكومەتی هەرێم جەختی لەوە كردبووەوە كە گۆڕانكارییەكان شتێكی ئاساییە و بەردەوام دەبن.