
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ١٩/١٢/٢٠٢١ بەڕێوەچوو ، گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ کرا تایبەت بە دۆخی سیاسی عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو و ئیستیحقاقەکانی کورد و یەکخستنی هەڵوێستی کوردستانی لە سەرجەم دۆسیە گرنگە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان لە بەغدا .
هەوڵدان بۆ گەڵاڵەی کۆتایی کارنامەیەکی هاوبەشی کوردستانی لەسەر بنچینەی شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوافق و تەوازنی دەستووری ، وەک لە عێراقی نوێدا لەسەری پێکهاتبووین ، بەشێکی تر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە .
هەردوولاش کۆکبوون لەسەر ئەوەی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەتی لە ڕووی گوزەران و مووچە و شایستە داراییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بە توێژی خوێندکاران و قوتابیانیشەوە .
کۆبوونەوەکە هەڵوەستەی لەسەر مەترسی ئەمنی و سەربازی تێهەڵچوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان کرد .
لەم بوارەدا بە پێویست زانرا هەماهەنگی و پێکەویی هەردوولا هەبێت وەک بەشێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەر خاک و خەڵکی کوردستان لەو ناوچانەدا هەیە ، هەروەک بەشێکیش لە پێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی باشی تەبایی و یەکڕیزی نێوان هەردوولا و هێزە سیاسیەکانی تر بەرە و پەرەپێدانی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکان بۆ خێر و خۆشی گەلەکەمان .لەم بارەشەوە میکانیزمی پێویست بڕیاری لێوەدرا .

