
سەلام نەجم لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لە بەنداوی دوكان راگەیاند، بەهۆی بارانی سێ رۆژی رابردووەوە 16 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەكە بەرزبووەتەوە و لە ئێستادا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
سەلام نەجم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، بەنداوەكە پشتی بە ئاوی باراناو بەستووە، ئێستا وەرزەكانی زستان و بەهار ماوە بۆ گلدانەوەی ئاو، ئەگەر بارانی باش ببارێت ئاستی ئاوەكە زیاتر بەرزدەبێتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، بەهۆی باران بارینی سێ رۆژی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەكە 16 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، لەئێستادا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، پێنج ملیار مەتر سێجای ماوە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی بیڵ ماوسەكە.
سەبارەت بە ئاستی بەنداوەكە بۆ دابین كردنی كارەبا رونیكردووەتەوە، ئاستی ئاوەكە 488 مەترە و تا 479 مەتر دەتوانرێت كارەبا بەرهەمبهێنرێت، ئەگەر نۆ مەتری تر دابەزێت وێستگەی كارۆئاوی كارناكات.