
موزهر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری ئابوریی رایگەیاندووە، ناردنی 200 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە تاوەكو پەسەند كردنی بودجەی ساڵی 2022 بەردەوام دەبێت و نەناردنی تاوەكو ئێستا كێشەیەكی تەكنیكییە.
موزهر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، دواكەوتنی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی رێوشوێنی كارگێڕییەوەیە لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی بەغدا و هەرێم.
باسی لەوەش كردووە، پێی وانییە كێشەی سیاسی بێت بەڵكو تەكنیكییە، چونكە رێككەوتنێك لەنێوان هەردولا هەیە بۆ ناردنی ئەو پارەیە، سەبارەت بە وادەی ناردنی پارەكەش وەزارەتی دارایی دەزانێت و من ئاگاداری نیم.
راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە كۆتایی ساڵدا یاسای بودجەی حكومەتی عیراق كۆتایی دێت و تاوەكو یاسای بودجەی ساڵی 2022 پەسەند دەكرێت بەگوێرەی یاسای كارگێڕی مانگانە 1 لەسەر 12ی خەرجییەكان خەرج دەكرێن و ناوەستن، حكومەتی عیراقیش جیاوازی ناكات لەنێوان پارێزگاكاندا بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران.

