
سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان و پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیان لە ساڵی نوێ رەتدەكاتەوە و دەڵێت، هیچ بنەمایەكی راستی نییە.
سۆران عەبدولغەفور لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، دەنگۆیەك هەیە گوایە لە ساڵی نوێی 2022 نرخی ماددە خۆراكییەكان زۆر بەرز دەبێتەوە و گۆڕانكاری زۆر لە نرخەكان دێتە ئاراوە، ئەوەش هیچ بنەمایەكی راستی نییە و كۆمەڵە كەسانێك لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە.
رونیشیكردووەتەوە، چونكە بەرزبوونەوەی نرخ یاخود هەرزان بوونی كۆمەڵێك پاڵنەر و هۆكاری تایبەت بەخۆیان هەیە وەك بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و زۆربونی كرێی گواستنەوە و بەرزونزمی نرخی نەوت و كۆمەڵێك بابەتی دیكە.
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، نرخی بەشێكی زۆر لەشمەك وماددە خۆراكییەكان لەسەر هاوڵاتیان گران كراوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار وگرانبونی كرێی گواستنەوە و وشكەساڵییەوە بوو، ئەوبەرزبوونەوەیەش جیهانی بوو نەك تەنها عیراق و هەرێمی كوردستان.
