
یەکێتی پێشوازی لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و رایدەگەیەنێت، قۆناغی نوێ ئەرکی نوێ دەخاتە ئەستۆی ھەموومان.وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ پەسەندکردنی دەرەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن و وێڕای ھەر تێبینییەک لەسەر پرۆسەکە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردن و دەرەنجامی بەدەستھاتووی ھێزە براوەکان دەکەن.
وتەبێژی یەکێتی دەشڵێت، کاتیەتی ھەموو لایەنەکان ھیمەتی سیاسیی دەست پێبکەن بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە پێکھاتەی نوێیەوە، قەوارە و ھێزە سیاسییەکانیش رێوشوێنە دەستورییەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بە گیانی پەرۆشی و دەربەستی نیشتمانییەوە گفتوگۆ و راوێژی پێویست بکەن، لە پێناو پارێزگاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، کە ئاستەنگی زۆری لە پێشە بۆ پاراستنی رەوتە دیموکراتییەکەی.
راشیگەیاند، وەکو ھێزەکانی کوردستان ئەرکی سەرشانمانە بەیەک ھەڵوێستی کوردستانییەوە ریزەکانمان پتەو بکەین بەرەو بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکان و داکۆکیکردن لە شایستە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە بەغداد، چونکە قۆناغی نوێ ئەرکی نوێ دەخاتە ئەستۆی ھەموومان و وەکو یەکێتیش ھەنگاوەکانی داھاتوومان دەخەینە خزمەتی ئەو ئەرکە.