
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاشكرای كردووە، بەهۆی نقومبوونی سێ بەلەمەوە لە دەریای ئیجە 23 كۆچەری هەرێمی كوردستان بێسەروشوێنن، 9 كۆچەریش گیانیان لەدەستداوە و 7ی تر رزگار كراون.
ئاری جەلال سەرۆكی دەزگاكە لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردووە، بەداخەوە لە چەند رووداوێكی جیاوازی كارەساتبار و ژێرئاو كەوتنی یەختی كۆچەران لە نزیك كەناراوەكانی یۆنان، ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆچەرانی كورد بوونەتە قوربانی و ژمارەیەكی دیكەشیان تاوەكو ئێستا بێسەروشوێنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە كۆی سێ روداو كە لە رۆژانی 21 و 23 و 24ی مانگی 12 روویانداوە 9 كۆچەر گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 23 كۆچەریش بێسەروشوێنن، هەروەها 7ی تر رزگار كراون.
سەرۆكی دەزگای لوتكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەوان لە پەیوەندیدان تاوەكو سەرجەم زانیارییەكان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە یۆنان بكەن، لەپێناو ئەوەی تەرمی هیچ كۆچەرێكی كورد بەخاك نەسپێردرێت و بگەڕێندرێتەوە زێدی باو و باپیرانیان.

