
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی كۆتا كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی لەساڵی 2021دا كرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانیش، كازمی باسی لەو كارو چالاكیانە كردوە كە حكومەتەكەی لەماوەی ئەمساڵدا بەدەستهێناون و سەركەوتوبوە تیایاندا.
لەبەشێكی وتەكەیدا كازمی رایگەیاندوە، وەرەقەی سپی بۆ چاكسازی هۆكاری سەركەوتنی كارەكانی بوە سەرەڕای ئەوەی هەندێك هەوڵی نەشاز هەبون لە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەمیاندا، بەڵام سەركەوتوبون لە كەرتەكانی نیشتمانی و كشتوكاڵی و گەڕاندنەوەی داهات و یەدەگی كاش بۆ عیراق.
لەبەشێكی تردا كازمی باسی لە دەرەنجامی ئەو وەرەقە سپیەی چاكسازی كردوەو رایگەیاندوە، سەرەڕای ئەوەی دۆخێكی قورس بەهۆی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت و گەیشتنی عیراق بە لێواری داروخانی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆوە، بەڵام سەركەوتوبون لەبەدەستهێنانی زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری یەدەگ لەبانكی ناوەندی و بەرزكردنەوەی پلەو متمانەی عیراق لەروی نێودەوڵەتییەوە .
لەبەشێكی تری وتەكەیدا كازمی لەبارەی پەیوەندی ناوەندو هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاندوە، پەیوەندیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا لەدوای ساڵی 2003ـەوە باشترین پەیوەندی بوەو شانازی پێوە دەكەن، گرژییەكان كەمبون و هەوڵەكانیش زۆربون بەپشتیوانی خودا بە گفتوگۆ و بونیاتنانی متمانە سەركەوتوبون لە تێپەڕاندنی پەیوەندییەكی ئاڵۆز.
لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاشەوە كازمی رایگەیاندوە، هەمویان كشاونەتەوە، ئێستا هیچ سەربازێكی هێزەكانی هاوپەیمانی شەڕكەر لەعیراقدا نەماوە تەنها كۆمەڵێك راوێژكار نەبێت ماون بۆ پشتیوانی هێزەكان و پێویستیمان پێیان لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها هێزەكانی دژە تیرۆرو حەشدی شەعبی و پێشمەرگەو پۆلیسی فیدراڵی سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە لە لەناوبردنی داعش و چەندین سەركردەی ئەو چەكدارانەیان كوشتوە، بەردەوامیش دەبن بۆ لەناوبردنیان لەهەركوێیەكی خاكی عیراقدا هەبن.