
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی دەڵێت، پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام تاوەكو ئێستا 13 ملیۆن لیتر دابەش كراوە و پرۆسەكە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
محەمەد حەسیب لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو نەوتەی ئێستا دابەش دەكرێت نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە كڕیویەتی و بە هەرزانتر دەدرێتەوە بە هاوڵاتیان، حكومەتی عیراق هیچ بڕە نەوتێكی نەناردووە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر نەوت هەیە و ئەمساڵ تەنها 13 ملیۆن لیتر نێردراوە، بۆیە نەتوانراوە وەك پێویست نەوت دابەش بكرێت.
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی باسی لەوەش كردووە، هەرچەندە سەرجەم رێكارەكانی وەرگرتنی نەوتەكەی بەغدا تەواو بووە و رێككەوتن هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنها بڕێك بۆ پارێزگای دهۆك نێردراوە.

