
دیاری حسێن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی رایگەیاند، حزبەكەی و یەكێتی بە رێككەوتن پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلایی دەكەنەوە و راكان جبوری كۆتایی هاتووە و پۆستەكە دەدرێتەوە بە كورد.
دیاری حسێن بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی وتووە، پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی كوردە و بارودۆخێكی نائاسایی راكان جبوری بە وەكالەت كردە پارێزگار، ئەگەرنا دەبوو پارێزگار كورد بێت بۆیە ئێستا پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی سەرۆككۆمار و پارێزگاری كەركوك دەگەنە رێككەوتن چونكە هەردوو حزب بەیەك لیست دەچنە بەغدا.
باسی لەوەش كردووە پارێزگار مەرج نییە سەر بە یەك لایەن بێت و هەر بۆ ئەوان بێت بۆیە پۆستی پارێزگار و سەرۆككۆمار چەند حەقە بۆ لایەنەكانی دیكە بێت هێندەش حەقە بۆ پارتی بێت، چ بەپێی قورسایی بێت یاخود بەپێی كورسییەكان بێت و لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاش پارتی زۆرینەیە، بەڵام دواجار بە رێككەوتن یەكلا دەكرێتەوە بدرێتە چ لایەنێك.
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی جەختی لەوەش كردووەتەوە، راكان جبوری هەوڵ دەدات بمێنێتەوە و خۆپیشاندان بە خەڵك دەكات، بەڵام ئەمە كۆتایی هاتووە و چیتر وەكو پارێزگار نامێنێت.
