دادگای ئەمریكی سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ 3 رەگەزپەرستی ئەمریكی دەركرد، كە لە ساڵی 2020 گەنجێكی رەشپێستیان بەناوی “ئەحمەد ئاربیری” لەكاتی ئەنجامدانی وەرزشی راكردن كوشت.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، “ترافیس مكمایكڵا”ی تەمەن 35 ساڵ كە تەقەكەرەكەیە و باوكی بەناوی “گریگۆری مكمایكڵ”ی تەمەن 66 ساڵ سزای زیندانی هەمیشەییان بەسەردا سەپێنراوە بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت پێشوەخت لە زیندان ئازاد بكرێن، هەروەها سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەر “ویلیام برایان”ی تەمەن 52 ساڵی دراوسێیاندا سەپێنراوە كە لە راوەدونانی ئەو گەنجە رەشپێستەدا بەشدار بووە و بە ڤیدیۆ تۆماری كردووە، بەڵام دوای 30 ساڵ زیندانی مافی ئەوەی هەیە پێشوەخت ئازاد بكرێت.
دادوەر لەكاتی راگەیاندنی سزاكە وتویەتی، ئەحمەد لەماڵ چووەتە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی وەرزش، بەڵام ناچار بووە بۆ رزگار كردنی ژیانی هەڵبێت.
سزادراوەكان باسیان لەوە كردووە، وایانزانیوە ئەحمەد دزە و ویستوویانە دەستگیر بكەن، چونكە بەپێی یاسای ولایەتی جۆرجیا هاوڵاتیان دەتوانن گومانلێكراوان دەستگیر بكەن، بەڵام بەپێی زانیاریەكان راستییەكە ئەوەیە كە ئەو كەسانە نەیانویستووە ئەحمەد لە ناوچەكەیاندا بێت و هۆكارەكە رەگەزپەرستییە.
پێشتر بەهۆی ئەوەی گریگۆری داواكاری گشتی ناوچەكەی ناسیوە هەرسێكیان ئازاد كراون، بەڵام دواتر گرتە ڤیدیۆی روداوەكە بڵاوكرایەوە و لێكۆڵینەوە دەستی پێكردەوە و كەیسەكە رادەستی پۆلیسی ولایەتەكە كرا.