
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، زەوی لە شاری هەولێر تەرخانكردووە بۆ دروستكردنی 70 كارگەی گەورەی پیشەسازی، پرۆژەكەش هەلیكار بۆ هەزاران كەس دەرەخسێنێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردووەتەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری سێكتەری پشەسازی لە شاری هەولێر، شارەوانی لە ساڵی 2021دا لە رێگەی لیژنەی گەشەپێدانەوە زەوی بۆ دروستكردنی 70 پرۆژەی گەورەی پیشەسازی تەرخان كردووە.
لە راگەیەندراوەكەشدا هاتووە، پرۆژەكان پێكهاتوون لە كارگەی ئاسن و وایەری كارەبا و بەرهەمهێنانی جۆرەها كێبل و كار و كاغەز و چەندان كارگەی تری پیشەسازی، سودیان بۆ بەرهەمهێنانی خۆماڵی دەبێت.
رونیشكراوەتەوە، پرۆژەكان رۆڵی گەورەیان لە بوژانەوەی ئابوریدا دەبێت و هاوكات هەلیكاریش بۆ هەزاران كەس لە شارەكە دەڕەخسێنن و كەرتی پیشەسازیش لە شاری هەولێردا پێشدەكەوێت، ئەوەش لە چوارچێوەی پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێمە بۆ بوژانەوەی كەرتی پیشەسازی.

