
ناوەندی راگەیاندنی ئەلكترۆنی عیراق DMC رەخنە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەگرێت بەوەی، رێگەی بە پەیجەكانی نوشتە و جادوو كردن و كاری بێمانا لە عیراق داوە و تەنانەت رێگەی بە ریكلام كردنیان داوە.
ناوەندەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، تۆڕێ كۆمەڵایەتی فەیسبوك و “ئینستاگرام بە شێوەیەكی كەمتر” رێگەیان بە كاركردنی پەیجەكانی نوشتە و جادوو و كاری بێمانا و دوور لە عەقڵ داوە لە عیراق.
رونیشكراوەتەوە، تەنانەت رێگەی بە ریكلام كردنی ئەو پەیجانە داوە بۆ خۆیان كە بەناوی “دكتۆر” و “شێخ” و “رۆحانی” و “چارەسەركەر”ەوە كارەكانیان سنورەكانی زانست و عەقڵ و ئایینیشیان تێپەڕاندووە.
ناوەندەكە سەرسوڕمانی خۆی لە بوونی ئەو پەیجانە لە تۆڕەكە پیشانداوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كە پێچەوانەی یاساكانی تۆڕەكە خۆیین كە رێگە بە ئەكاونتی هەڵخڵەتاندنی خەڵك نادرێت، داواش لە فەیسبوك دەكات چاو بە پێودانگەكانیدا بۆ ریكلام كردن لە عیراق بخشێنێتەوە و پێش رەزامەندیدان لەسەر بڵاوكردنەوەی پشكنینی وردیان بۆ بكرێت.

