
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور بەهاوكاری ئاسایشی دەربەندیخان تۆمەتبارێكیان دەستگیر كردوە كە كەسێكی كوشتبوو دواتر هەڵاتبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەقەزای شارەزور تۆمەتبارێك تەقە لەكەسێك دەكات و كەسەكە دەكوژێت و هەڵدێت، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزورو پۆلیسی بەڵگەكانی تاوان گەیشتنە شوێنی روداوەكە، كەشف و هێڵكاریی بۆ شوێنی تاوانەكە ئەنجامدراو لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی ئانجامدەری تاوانەكە دەستیپێكرد.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا هەمان شەو تۆمەتبارەكە لە دەوروبەری قەزای دەربەندیخان بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور بەهاوكاری ئاسایشی دەربەندیخان دەستگیر بكرێت، لەئێستادا تۆمەتبار كە لە دایكبوی ساڵی 1991ـەو دانیشتوی قەزای شارەزورە، بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

