
عەلا حەلبوسی بریكاری وەزارەتی پەروەردەو سەرۆكی دەزگای جێبەجێكردنی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە عیراق باس لەوە دەكات، ساڵی رابردوودا نزیكەی 9 هەزار كەس سودمەندبوون لە خوێندنگاكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ژمارەیەكی زۆر خەڵك پەیوەندیان كردووە و دەیانەوێت بەشداربن لە پرۆسەكە.
عەلا حەلبوسی بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی یوتووە، لە ساڵی رابردوودا نزیكەی 9 هەزار كەس سودمەندبوون لە خوێندنگاكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری، ژمارەیەك خوێندنگا و سەنتەری نەهێشتنی نەخوێندەواری بەهۆی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی پێشوو داخران، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە كراونەتەوە.
باسی لەوەش كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی نەخوێندەوار دوای كردنەوەی سەنتەرەكان پەیوەندیانكردوە و ئارەزوو دەكەن بەشداری بكەن بۆ گەیشتن بەقۆناغە پێشكەوتووەكانی تری خوێندن.
ئەو بریكارە پێشی وایە، پێویستە رەشنووسی یاسای نەهێشتنی نەخوێندەواری هەبێت بۆ ئەوەی ناوەكە لە “نەهێشتنی نەخوێندەواری”ەوە بۆ “نەهێشتنی نەخوێندەواری و زانیاری پێگەیشتوان” هەموار بكرێت و رێنماییەكان رێكبخرێنەوە و بتوانرێت ئازومەندان لە تەمەنی 9 بۆ 45 ساڵی بگرێتەوە.